12 ئاب 2026
ڤیژن پرێس
زیادبوونی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی، هۆکار و بەربەستەکانی بەردەم چارەسەرکردنی، یاساکانی پەیوەست بەو بوارە و هەموارکردنەوەی، لە فۆکەس گرووپێکی دامەزراوەی ڤیژن لەسەر پرسی زێدەڕۆیی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بۆ ئەوەی بە هاوکاری شارەزایان و پسپۆڕان پۆڵسی پەیپەرێک ئامادە بکرێت و بەشێوەیەکی زانستی هۆکار و ئەنجام و راسپاردەکانی بخرێتە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
فراوانبوونى خێراى شارى سلێمانى، زێدهڕۆييكردن بۆ سهر موڵكى گشتى و كهمبوونهوهى خزمهتگوزارييه سەرەتایییەکان، لە دووەم فۆکەس گروپی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارێزگا، قائیمقامییەت، شارەوانی، دادگا و داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە خرایەڕوو، هەر لایەنە بەوردی و بەپێی تایبەتمەندی خۆی کێشە و گرفت و رێگاچارەکانی روونکردەوە.
دابینکردنی بودجە و ستاف
لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە گفتوگۆکەدا رایگەیاند: یەکێک لەو رێگایانەی وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی زێدهڕۆييكردن بۆ سەر موڵکی گشتیی دەبیندرێت دابینکردنی بودجە و ستافە بۆ هاوکاریکردنی شارەوانی.
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاگەیاندنەکان کرد و بە بەشێکی گرنگ بۆ بەرپاکردنی هەڵمەتی کۆتاییهێنان بە زێدهڕۆييەکان.
زیادبوونی زێدەڕەویی
لە فۆکەس گروپەکەدا، داواکاری گشتی سلێمانی جەختی لەسەر جێبەجێنەکردنی یاسای ژمارە سێی پەرلەمانی کوردستان کردەوە، لە کاتێکدا یاسایەکی گرنگ و توندە بۆ نەهێشتنی زێدهڕۆييكردن، بەڵام وەک پێویست کاری پێناکرێت.
داواکاری گشتی پێویستیی دانانی رێنمایی نوێ و پێدانی مۆڵەتێکی دیاریکراوی خستەڕوو بۆ ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکان بەشێوەیەکی یاسایی و کۆتاییهێنان بە کێشەکە.
یاسای دژ بە یەک
لە فۆکەس گروپەکەدا ئاماژە بە کارکردن بە دوو یاسای دژ بە یەک کرا، کە رێگا خۆش دەکات بۆ ئەنجامدانی زێدهڕۆييكردن، ئەمەش بە بەرپرسیاریتی لایەنە پەیوەندیدارەکان دانرا یاسا و رێنماییەکان رێکبخەن.
جەخت لەوەکرایەوە، گەر پاڵپشتی ئەمنی نەبێت بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان، یاساش ناتوانێت کارەکانی وەک پێویست ئەنجام بدات.
پێشنیازەکان بۆ لابردنی زێدەڕەوییەکان
ژمارەیەک پێشنیازی دیکە خرایە بەردەم ئامادەبووانی فۆکەس گروپەکە بۆ کۆتاییهێنان بە زێدهڕۆييكردن، لەوانەی دیاریکردنی بودجە و هێزی تایبەتی، بۆ ئەو کارەش میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن رۆڵی خۆیان بە باشترین شێوە بگێڕن. هاوشانی رۆڵی دادگاکان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاساکان و وەرگرتنی بڕیاری پێویست دژی زێدڕۆکاران.
چارەسەرکردنی پرسی زێدەڕەوەییەکان
هەموارکردنەوەی یاسا و بوونی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی زێدەڕەوییەکان دانرا.
لە فۆکەس گروپەکەدا جەخت لە جیاکردنەوەی نەخشە و ماستەرپلانی شار کرایەوە وەک هەنگاوێک بۆ بنبڕکردنی زێدهڕۆييكردن. هەروەها هاوکاریکردنی تیمی شارەوانی و قائمقامیەت لەوبارەیەوە.
کێ بە بەرپرسی زێدەڕەوییەکان دەبیندرێت؟
شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند: سەرجەم سێکتەرەکان بەرپرسیارن لە بەرزبوونی رێژەی زێدهڕۆييكردن و ئەم بابەتە پێویستی بە ئیرادەی باشی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانە نەک تەنها شارەوانی.
وتیشی: "زێدهڕۆييكردن تەنها لەسەر زەوی نییە، بەڵکو زێدەڕۆیی بۆ سەر سێکتەری کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش هەیە."
کەمی ستاف
عوسمان عارف، بەرپرسی بەشی زێدهڕۆيی لە شارەوانی سلێمانی دەڵێت: لەماوەی 25 ساڵی خزمەتکردنی هیچ کات وەک ئەمساڵ ڕووبەڕووی کێشەی کەمی ستاف نەبوونەتەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی گفتوگۆکە ئەوە بوو کە ئەگەر یاسا و ڕێساکانی پەیوەست بە پاراستنی موڵکی گشتی بە شێوەیەکی یەکسان، دادپەروەرانە و بەردەوام جێبەجێ بکرێن، دیاردەی زێدەڕۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
نەخشەڕێگای دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی
پێشتر و لەسەر هەمان پرس، فۆکەس گرووپی یەکەم رۆژی 30/7/2026 بەڕێوەچوو، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کێشانەی رووبەڕووی فراوانبوونی شاری سلێمانی دەبێتەوە، لە زێدەڕۆییکردن بۆ سەر موڵکی گشتی، کەمبوونهوهی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئەو کێشانەی بەهۆی ئەم فراوانبوونەوە رووبەڕووی ئاو، خۆراک، خزمەتگوزاری و ئابووری شارەکە دەبێتەوە.
لە فۆکەس گرووپی یەکەمدا، جەختکرایەوە پێویستە فراوانبوونی شاری سلێمانی بە ماستەرپلان بێت، کار نەکرێت لەسەر وەستاندنی گەشەی شارەکە، بەڵکو کار بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم گەشەکردنە، بۆ ئەوەش دەبێت یاساکان رێکبخرێنەوە و دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێن.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، نهخشهڕێگايهكى ئامادهكردووه لهبارهى گهشهكردنى ههڕهمهكى شارى سلێمانى، بۆ ئەوەی به هاوكارى كاربهدهستان و كهسانى شارهزا و پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەکان توێژینەوەیەکی ستراتیژی لە چوارچێوەی پۆڵسى پهيپهرێك ئاماده بكات، تا له داهاتوودا حکومەت سوودى لێ ببينێت بۆ جێبهجێكردن و خەڵکیش سوود له ئەنجامی جێبهجێكردنهكهى وهربگرن و زیانمەند نەبن.
بڵاوکردنەوە