داڕشتنی ستراتیجییه‌كى نوێ بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ و بەرهەمى ناوخۆ

11 ئاب 2026

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بە مەبەستی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، پشتگیریکردنی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان و بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، کۆمەڵێک ئەکادیمی، پسپۆڕ، خاوەنکار و شارەزای بواری کشتوکاڵی کۆکردەوە بۆ دەستپێکردنی یەکەم هەنگاو بۆ داڕشتنی ستراتیجییەکی کارا بۆ ئەم کەرتە گرنگە.

لە دانیشتنەکەدا ئامادەبووان گرنگترین کێشەکانی بەردەم كه‌رته‌كانى کشتوکاڵ و پیشەسازییان خستەڕوو، لەسەر رێگەچارەکان و چۆنیەتی بووژاندنەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆ گفتوگۆیان کرد، هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی توانای گەنجان و پشتگیریکردنيان بۆ دامەزراندنی کاروباری خۆیان و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی کرایەوە.

کێشەی هاوردە و لاوازی پشتگیریی بەرهەمی ناوخۆ

خاوەنکاران ئاماژەیان بەوە کرد یەکێک لە گەورەترین کێشەکان، بۆشایی نێوان هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیە، بە پێی دیدگای محه‌مه‌د حه‌سۆ، خاوه‌نى كارگه‌يه‌كى به‌رهه‌مى ناوخۆيي‌، هاورده‌كردنى بەرهەم له‌ وڵاتانى دراوسێ و دەرەوە لە هەندێک حاڵەتدا ئاسانتر و تێچووى كه‌متره‌ به‌راورد به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ؛ ئەمەش توانای کێبڕکێی کارگە و پرۆژە خۆماڵییەکانی لاواز كردووه‌.

هەروەها باس لە کەمی پشتگیریی هەناردەکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان کرا و داواکرا سیاسەتێکی هاوسەنگ بۆ هاوردە و هەناردە دابین بکرێت کە بتوانێت بەرهەمهێنانی ناوخۆ بپارێزێت و کێبڕکێی راستەقینە دروست بکات.

کێشە یاسایی و ئیدارییەکان

سۆران جەمال خاوەن کارگەی کاشۆ کێشەی یاسا و رێنماییەکان و ئاڵۆزیی پرۆسە ئیدارییەکاني وه‌ك يه‌كێك له ئاسته‌نگه‌ سه‌ره‌كييه‌كان باسكرد، درێژبوونەوەی مامەڵەکان، نەبوونی رێنماییی روون و کەميى هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، تێچووی کار بەرز دەکاته‌وه‌ و دەرفەتی وەبەرهێنان کەم دەکات.

هەروەها ئاماژە بە نەبوونی ناوچەیەکی پیشەسازیی یەکگرتوو و شوێنی گونجاو بۆ کارگەکان، بە تایبەتی کارگەکانی خواردن و بەرهەمهێنان، کرا، ئەم کێشانە هەندێک خاوەنکار ناچار دەکەن بەرهەمهێنانیان بۆ دەرەوە بگوازنەوە و پاشان بەرهەمەکانیان بۆ هەرێم بگەڕێننەوە.

نەبوونی دیدگا و پلانی درێژخایەن

یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی گفتوگۆکە، نەبوونی دیدگایەکی درێژخایەن بوو بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان،  جەلال کەریم خاوەن کارگەی بەهار وتى:‌ لە شوێنێکدا کە پلان هەیە، بەردەوامی و پشتگیریی پێویست بۆ جێبەجێکردنی نییە.

هەروەها کەمی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان، نەبوونی سیستەمی پشتگیریی کار و وەبەرهێنان، و بەرزی تێچووی کارەبا، ئاو و گواستنەوە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر گەشەی پرۆژەکان هەیە.

نەبوونی بازاڕ بۆ ساغکردنەوە

بەشێک لە خاوەنکاران ئاماژەیان بە کێشەی بازاڕکردن و کڕینەوەی بەرهەمی جوتیاران کرد، نەبوونی سیستەمێکی رێکخراو بۆ کڕین، هەڵگرتن و دابەشکردنی بەرهەم، جوتیاران ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسى زيانكردن.

لە هەمان کاتدا، کەمی سایلۆ و شوێنی هەڵگرتنی بەرهەم و نەبوونی سیستەمێکی کارا بۆ پاراستنی بەرهەمەکان، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان کە پێویستی بە چارەسەری دامەزراوەیی هەیە.

پێویستە پەیوەندییەکان بەهێزتر بکرێن 

بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی جەختی لە گرنگیی ئەم بوارە کردەوە، بە تایبەتی لەبەر ئه‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌يه‌ى لە داهات و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی هه‌يه‌تى، بە پێی گووته‌ى ئاماده‌بووان، پێویستە پەیوەندی نێوان دامەزراوە حکومییەکان و خاوەن پەلەوەر و بەرهەمهێنەران بەهێز بکرێت و میکانیزمی دارایی و پشتگیریی بەردەوام بۆ ئەم کەرتە دابین بکرێت.

یەکێک لە پێشنیارە گرنگەکان، دامەزراندنی سندوقی پشتگیری و پەرەپێدان بوو بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و یارمەتیدانی بەرهەمهێنەران.

کەمی تەکنەلۆجیا، کوالێتی و شارەزایی

د. كارزان تۆفيق، مامۆستاى زانكۆ کەمی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، نەبوونی سیستەمی بەهێزی کوالێتی و ستاندارکردن و کەميى شارەزایی و پسپۆڕی خۆماڵییان بە بەربەستی تر بۆ گەشەی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان ئاماژه‌ بۆكرد.

باسى له‌وه‌شكرد، کێشەی دەستگەیشتن بە زەوی گونجاو، ئاو و کارەبا و بەرزی مەترسيى و تێچووی وەبەرهێنان، بوونە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی وەبەرهێنان لەم بوارەدا.

رۆڵی میدیا 

لە دانیشتنەکەدا باس له‌ رۆڵى ميدياش كرا، د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د، پسپۆڕى به‌رهه‌مهێنانى ميوه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ پێویستە میدیا لە ناساندن و پشتگیریکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکاندا رۆڵێکی ئەرێنیتر بگێڕێت و بەرهەمی ناوخۆ وەک هەڵبژاردەیەکی کوالیتی و کێبڕکێکار بناسێنێت.

هه‌نگاوه‌كانى ڤيژن فاونده‌يشن لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات

کۆی گفتوگۆکان نیشان دەدات کە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی ناوخۆ پێویستی بە دیدگایەکی نوێ و ستراتیجییەکی هاوبەش هەیە؛ ستراتيجێك کە لەسەر کەمکردنەوەی بەربەستە ئیداری و یاساییەکان، پشتگیریی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان بێت.

ئەم فۆكه‌س گروپه‌ دەبێته‌ دەستپێکی گفتوگۆیەکی فراوانتر بۆ داڕشتنی ستراتیجییەکی کرداريى و درێژخایەن، کە ئامانجی سەرەکیی بووژاندنەوەی کشتوکاڵ، زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، دروستکردنی هەلی کار و کەمکردنەوەی هاورده‌ى به‌رهه‌مه‌ له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌.