پڕۆژەی "ڕووناکی" و ئاییندەی کارەبای هەرێمی کوردستان

15 ئایار 2025

کورتەیەک لەسەر کەرتی کارەبا

پڕۆژەی "ڕووناکی" و ئاییندەی کارەبای هەرێمی کوردستان

دامەزراوەی ڤیژن لە خوولی یەکەمی چاوی کراوە بانگێشتی بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی کرد

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆژەی "چاوی کراوە"، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ڕێکەوتی ١٥ی ئایاری ٢٠٢٥، سیمینارێکی تایبەتی بۆ بەڕێز ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ڕێکخست. سیمینارەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی، ئەکادیمیستان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو، کە تێیدا تیشک خرایە سەر پڕۆژەی "ڕووناکی" وەک چارەسەرێکی هاوچەرخ بۆ قەیرانی درێژخایەنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.

لە سیمینارەکەدا بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی بە وردی باسی لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی سیستمی ئێستای کارەبا کرد. پاش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ، دامەزراوەی ڤیژن هەڵسەنگاندنێکی زانستی و ستراتیجی ئامادە کردووە کە ئاڕاستەی بڕیاربەدەستانی سیاسی دەکرێت، بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆژەکە.

ستراتیجی ئێستا بۆ چاکسازیی کارەبای کوردستان:

١. پەرەپێدانی تەکنیکی: دابینکردنی بودجە بۆ سیستمی گواستنەوە، دابەشکردن و کۆنترۆڵی زیرەک.

٢. کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون: کەمکردنەوەی وزەی ونبووی ناتەکنیکی و کارگێڕی بۆ ئاستی جیهانی.

٣. نوێکردنەوەی ژێرخان: فراوانکردنی هێڵەکانی گواستنەوە (بەتایبەت ٤٠٠ کەی ڤی) بۆ بەرگەگرتنی پەستانی زۆر.

٤. هێزی مرۆیی: دامەزراندنی پسپۆڕان و کردنەوەی خولی مەشقی پێشکەوتوو.

٥. سیستمی داتا: بەهێزکردنی بانکی زانیاری بۆ بڕیاردانی دروست و ڕێگری لە هەرەسی دارایی.

٦. وزەی نوێ: دەرکردنی ڕێنمایی نوێ بۆ ڕێکخستنی وزەی خۆر و بەستنەوەی بە تۆڕی نیشتمانییەوە.

ستراتیجی درێژخایەن بۆ چاکسازیی کاره‌با:

١. بوژانەوەی ئابووری: کەمکردنەوەی نرخی کارەبا بۆ پڕۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان، بۆ ئەوەی هێزی کار بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان و توانای تێچووی کارەبایان هەبێت.

٢. خۆبژێوی کارگەکان: پابەندکردنی کارگە گەورەکان بە بەرهەمهێنانی وزەی خۆر بۆ پێداویستی خۆیان، تاوەکو پەستان لەسەر تۆڕی نیشتمانی کەمببێتەوە.

٣. کولتووری بەکارهێنان: بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ کەمکردنەوەی زیادەڕۆیی لە ڕێگەی (پڕۆگرامی خوێندن، میدیا، ئایین) و ناچارکردنی بەکارهێنانی سیستمی عەزل (گەرمی و ساردی) لە مۆڵەتی خانووبەرەدا.

 

بۆ زانیاریی زیاتر، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەوە تەماشای بەشێکی ئیڤێنتەکە بکەن: 

https://youtu.be/RL0O0IGeV1M?si=tJPtBMfYSSJ0KfKQ