کورد پێویستی بە تورکیایەکی لاواز نییە بۆ ئەوەی خۆی بەهێز بێت

13 ئاب 2026

نووسینی: د. محەمەد ئۆگۆتچو

تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە تەنیا لە بێدەنگکردنی چەکەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە ئاخۆ دەکرێت خواستەکانی کورد و نیگەرانییەکانی تورک لە چوارچێوەی یەک ڕێککەوتنی سیاسیی هاوبەشدا کۆبکرێنەوە، بێئەوەی هەڕەشە لە سنوورەکان، سەروەری، یان سیستمی دەستووریی بکرێت، هاوکات پرۆسەی دیموکراسیبوون بۆ هەمووان بەرەو پێش ببرێت.

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گرنگە، بەڵام کەم کەس پێیوایە کە ئەمە هەنگاوی کۆتایی بێت. پرۆسەکە بنەمایەکی یاسایی بۆ چەکدانان، گەڕانەوە و تێکەڵکردنەوە، دەڕەخسێنێت. هەروەها پشتیوانی بەرفراوانی پەرلەمانیش گرنگیی خۆی هەیە، چونکە شەرعیەتێکی گەورەتر بە پرۆسەکە دەبەخشێت بەراورد بە ڕێککەوتنێک کە تەنیا لەسەر حکومەتی کاتی بوەستێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، یاساکە پرسیارە گەورەکان یەکلایی ناکاتەوە، چارەنووسی مافە کولتووریی و سیاسییەکانی کورد، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەسەڵاتی خۆجێیی، نوێنەرایەتیی دیموکراسی، یان پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چارەسەر ناکات. ئەو پرسانە هێشتا بێ چارەسەر ماونەتەوە.

کەواتە پرسیارە سەرکییەکە چیتر ئەوە نییە کە ئایا هەنگاوی دواتر دێت یان نا؟، بەڵکو ئەوەیە هەنگاوەکە چی دەبێت، بە چی ڕیزبەندییەک، بەرەو کام ئاراستە و مەبەست هەنگاو دەنێت؟

لەم گفتوگۆیەدا، پێشنیازێکی ئاڵۆز و ئەگەری گۆڕانکاریی هەیە، ئایا دەکرێت ئەو داخوازییانەی کورد کە بە شێوەیەکی لۆجیکی دەیانخوازێت لەگەڵ ئەو ترس و نیگەرانییانەی لای تورک بە ڕەوا دەبینرێن، لەناو یەک چوارچێوەی سیاسیدا جێگیر بکرێن؟

ئایا دەکرێت ناسنامە، کەرامەت، زمان، نوێنەرایەتی و خۆشگوزەرانیی کورد بەهێز بکرێت بێ ئەوەی سنوورەکان، سەروەری، یان سیستمی دەستووریی یەکپارچەی تورکیا لاواز ببن؟ ئایا دەکرێت ئەم پرۆسەیە ببێتە بەشێک لە دیموکراسیبوونێکی بەرفراوانتر کە تورک بە هەمان ئەندازەی کورد لێی سوودمەند بێت؟

ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە "بەڵێ" بێت، ئەوا ئەوەی لە ئارادایە دەکرێت زۆر زیاتر بێت لە تەنها پرۆسەیەکی چەکدانان؛ دەکرێت ببێتە نیشانەی کۆتاییهاتنی سەردەمێکی سیاسی و دەستپێکی سەردەمێکی نوێ.

ئەوەی کورد دەیخوازێت و ئەوەی تورک لێی دەترسێت

زۆرجار گفتوگۆکە بە جۆرێک دادەڕێژرێت وەک ئەوەی تورک و کورد لە دوو جیهانی سیاسیی تەواو دژ بەیەکدا بژین و هەرگیز نەتوانن تەبا بن. ملیۆنان کورد ژیانی خۆیان لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا بونیاد ناوە. ئەوان لە ئەستەنبوڵ، ئیزمیر، ئەنقەرە، غازی عەنتاب، دیاربەکر و ناوچەکانی تر دەژین. خاوەنی بازرگانیی خۆیانن، لە دامەزراوە گشتییەکان کاردەکەن، لە هەمان زانکۆ دەخوێنن، هاوسەرگیریی و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتییان هەیە لەگەڵ تورک، دەنگ بە حزبە جیاوازەکان دەدەن و لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی تورکیادا بەشدارن.

زۆربەیان کاتی خۆیان بە خەیاڵکردن بۆ نەخشەی نوێی تورکیا بەسەر نابەن. زۆرێک لەوان داخوازییەکی سادەتریان هەیە: ئەوەی بتوانن بە تەواوی هەست بە کوردبوونی خۆیان بکەن، بێ ئەوەی وەک هاووڵاتیی پلە دووی تورکیا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؛ بتوانن بە زمانەکەی خۆیان بدوێن بێ ئەوەی گومانیان لێ بکرێت، کولتوورەکەی خۆیان بپارێزن بێ ئەوەی پێویست بکات بەردەوام دڵسۆزیی خۆیان بسەلمێنن، لە بەردەم یاسادا یەکسان بن، خاوەنی فەرمانڕەوایەتیی خۆجێیی کارا بن، ژیانێکی خۆشگوزەرانیان هەبێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە، زامنکردنی ئەوەی کە نەوەیەکی تر نەخرێتە ناو بازنەی توندووتیژییەوە.

لە بەرامبەردا، نیگەرانییەکانی تورکیش بە هەمان شێوە ڕاستەقینەن: یەکپارچەیی خاک، دەوڵەتی نەتەوەیی یەکگرتوو، سەروەریی دەستووریی، ترسی ئەوەی کە دانپێدانانی کولتووریی ببێتە یەکەمین قۆناغی پارچەبوون یان دابەشبوونی جوگرافیایی و سیاسی.... جیابوونەوە. لە هەمووشیان گرنگتر، بیرەوەریی زیاتر لە چوار دەیە لە تیرۆر، قوربانی و زەبرە دەروونییەکان (تراوما).

خێزانگەلێک هەن کە ڕۆڵەکانی خۆیان بە خاک سپاردووە، کەمئەندامانی جەنگ لە وڵاتەکە هەیە کە تەواوی ژیانیان باجی لێکەوتەکانی ئەم ململانێیە دەدەن، هەروەها ئەو کۆمەڵگانەی کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. ناکرێت ئەم نیگەرانییانە تەنها وەک دەمارگیریی نەتەوەیی یان دژایەتیکردنی مافەکانی کورد لە قەڵەم بدرێن و پشتگوێ بخرێن. هەر ڕێککەوتنێکی بەردەوام دەبێت ڕێز لە ترس و نیگەرانییەکانی هەردوولا بگرێت. هەر ئەمەشە وا دەکات پرۆسەکە هێندە ئاڵۆز بێت، هاوکات گرنگیش بێت.

کایەی بەیەکگەیشتنی هەردوولا

لە واقیعدا خاڵی هاوبەش و بەیەکگەیشتنی زۆر زیاتر لەوە بوونی هەیە کە گوتاری سیاسیی جەمسەربەندیی تورکیا پێشانی دەدات. لە لایەک، ئەو تێڕوانینە توندە هەیە کە پێیوایە دەبێت ناسنامەی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی زۆر ناوەندییدا بە نادیاری بمێنێتەوە، لە لایەکی دیکەش، ئەو گریمانەیە هەیە کە دانپێدانانی ڕاستەقینە بە مافەکانی کورد دەبێت لە کۆتاییدا بەرەو فیدراڵیزم، سەروەریی هاوتەریب، یان دەستکاریکردنی سنوورەکان بڕوات.

هیچ کام لەم دوو بژاردەیە حەتمی نین. لە نێوانیاندا کایەیەکی سیاسیی بەرفراوان هەیە کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان، ئازادیی کولتووریی، دیموکراسیی خۆجێیی بەهێزتر، دەرفەتی ئابووری، سەروەریی یاسا و نوێنەرایەتیی سیاسیی شەرعی بونیات نراوە. 

هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستای تورکیا و سیستمی دەستووریی خاوەن سەروەریدا. ئەمە سازشێکی لاوەکی نییە، ئەگەر بە شێوەیەکی ڕژد جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت ژیانی ڕۆژانە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرتر بگۆڕێت بەراورد بە دروشمە گەورەکانی ناو دەستوور.

بەهێزبوونی ناسنامە مەرج نییە ببێتە هۆی لاوازبوونی سەروەری

لەپرۆسەی ئاشتی تورکیادا دەبیت هاوڵاتی کورد جۆرێک ئارامیی و دڵنیایی لە سەلامەتی ناسنامەی نەتەوایەتی خۆی هەبێت، بێ ئەوەی تورکێک لە بەرامبەر ئەو ئارامییەدا هەستی دڵەڕاوکێی لا دروست ببێت. پێدانی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بە کورد لە تورکیا بە مانای دابەشبوونی تورکیا نایات. دەبێت پرۆسەکە جەختی زیاتر لە پرسە گرنگەکان بکاتەوە.

خاڵێکی دیکەش هەیە کە نابێت لەم گفتوگۆیەدا فەرامۆش بکرێت: کەموکوڕییە دیموکراسییەکانی تورکیا تەنیا کاریگەرییان لەسەر کورد نییە، بەڵکو تورکەکانیش بە هەمان شێوە باجەکەی دەدەن. لاوازیی سەروەریی یاسا، بە حزبیکردنی دامەزراوەکان، بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین، مەرکەزییەتی لە ڕادەبەدەر، نەبوونی دەستڕاگەیشتنی یەکسان بە دادپەروەریی، فشار لەسەر میدیا و کۆمەڵی مەدەنی، پووکانەوەی سیستمی چاودێری و هاوسەنگیی دەسەڵاتەکان، تەنها کێشەی کورد نین؛ بەڵکو ئەم کێشانە، کێشەی سەرانسەری تورکیان.

ڕۆژنامەنووسێکی تورک کە ئازادیی رادەربڕینی سنووردار دەکرێت و سیاسەتمەدارێکی کورد کە پێیوایە کایەی دیموکراسیی لێ تەسک کراوەتەوە، ڕووبەڕووی دوو دەرکەوتەی جیاوازی هەمان لاوازیی دامەزراوەیی دەبنەوە. سەرمایەگوزارێکی تورک کە ناتوانێت پێشبینیی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یاساکان بکات، بە هەمان ئەو نەبوونی دڵنیاییە یاساییە دەناڵێنێت کە کاریگەریی لەسەر هاووڵاتییەکی شاری دیاربەکر هەیە. گەنجێکی تورک لە ئیزمیر و گەنجێکی کورد لە وان، هەردووکیان پێویستیان بە قوتابخانەی باش، دامەزراوەی بەهێز، هەلی کاری شایستە، سەربەخۆیی دادوەریی و دڵنیایی لەوە هەیە کە ئایندەیان بەستراوەتەوە بە توانا و لێهاتوویی خۆیان، نەک پەیوەندیی و خزمایەتیی سیاسی.

ئەم جیاوازییە زۆر سەرەکییە: ئەگەر دیموکراسیبوون تەنها وەک شتێک پێناسە بکرێت کە دەبێت ئەنقەرە لە بەرامبەر چەکداناندا پێشکەشی کوردی بکات، ئەوا پرۆسەکە بە سنوردار، بەرتەسک و لە کۆتاییشدا بە لاوازی دەمێنێتەوە. هاوکات دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی لۆجیکی لای تورکەکان بەوەی کە: بۆچی دەبێت ماف، دادپەروەریی یان حوکمڕانیی باشتر بەشێک بن لە مامەڵە و سازشێکی نەتەوەیی؟

نابێت بەو جۆرە بێت. پێشنیازە بەهێزترەکە ئەوەیە کە خودی تورکیا پێویستی بە نوێبوونەوەیەکی دیموکراسیی قووڵتر هەیە؛ کە تێیدا کورد سوودمەند دەبێت و تورکیش بە هەمان شێوە، عەلەوی و سوننەکان، پارێزگاران و عەلمانییەکان، خاوەنکاران و کرێکاران، ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمییەکان، ژنان و گەنجانیش سوودمەند دەبن.

پەرلەمانێکی بەهێزتر، دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆتر، ئازادییەکی فراوانتری ڕادەربڕین، فەرمانڕەوایەتییەکی خۆجێییی لێپرسراوتر، دانانی سنوورێکی ڕوونتر بۆ دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی دەوڵەت، دامەزراوەگەلێکی پێشبینیکراوتر، یەکسانییەکی ڕاستەقینە لە بەردەم یاسادا. ئەمانە سازش و بەخشین نین بۆ پێکهاتەیەکی نەتەوەیی، بەڵکو کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی کۆمارێکی بەهێزترن. کورد پێویستی بە دیموکراسییەکی تایبەت نییە و تورکیش پێویستی بە دیموکراسییەکی جیاواز نییە، هەردوولا پێویستیان بە هەمان دیموکراسی هەیە.

لە خەباتی چەکدارییەوە بەرەو شەرعییەتی سیاسی

بۆ پەکەکە، پرسیارە ستراتیجییەکە زۆر ڕوون و یەکلاکەرەوەیە: ئەگەر خەباتی چەکداریی بە ڕاستی کۆتایی هاتبێت، چی دەبێتە جێگرەوەی؟ بۆ چەندین دەیە، هێزی سەربازی دەستکەوت و کارتی فشاری سیاسی بەرهەمهێنا، بەڵام باجێکی بێئەندازە گەورەشی بەسەر خودی کورددا سەپاند:

کاردانەوەی ئاسایشیی ئەنقەرەی بەهێزتر کرد. کایەی دیموکراسیی بەرتەسک کردەوە. سیاسەتی کوردی بە سەربازیی کرد. ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی نزیکەی هەموو داخوازییەکی کورد چی شەرعی بێت یان نا لە ڕوانگەی تیرۆرەوە سەیر بکرێت. بۆیە کاریگەرترین گۆڕانکاریی لە ئێستادا تەنها لە دانانی چەکەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە گواستنەوەی سەنگ و کێشی سیاسیی کورد لە پێکهاتە چەکدارییەکانەوە بۆ ناو دامەزراوە شەرعییەکان، دەبێت پارتە سیاسییەکان، شارەوانییەکان، کۆمەڵی مەدەنی، زانکۆکان، ڕێکخراوە بازرگانییەکان، میدیا، کولتوور، یاسا بەشداریی لەم پرۆسەی ئاشتییەدا بکەن.

تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی قۆناغی پاش پەکەکە لەوەدا دەبێت کە ئایا کێش و کاریگەریی سیاسیی کورد دەتوانێت بەهێزتر بێت ڕێک لەبەرئەوەی چیتر پشتی بە چەک نەبەستووە؟ ئەمەش پێویستی بە دیسپلین و پابەندبوون هەیە لە هەردوولاوە:

ئەنقەرە ناتوانێت داوای چەکدانانی تەواوەتی بکات و لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەربڕینی سیاسیی شەرعیی کورد وەک پرسێکی ئاسایشی، هاوکات سیاسەتی کوردیش ناتوانێت داوای شەرعییەتی دیموکراسی بکات کاتێک هێشتا ناڕوونی و دووفاقیی بەرامبەر بە ڕێکخراوە چەکدارییەکان هەبێت. سازش و لێکتێگەیشتنەکە دەبێت لە هەردوو سەرەوە کار بکات: دەبێت چەک لە سیاسەت بچێتە دەرەوە، سیاسەتیش لەژێر سێبەری چەکدا نەمێنێتەوە.

دەرفەتە مێژووییەکەی دەم پارتی

ئەم دۆخە دەرفەتێکی دەگمەن و مێژوویی بۆ دەم پارتی دەڕەخسێنێت. بۆ چەندین ساڵ، سیاسەتی یاسایی کورد لە تورکیا خەباتی کردووە بۆ ئەوەی لە پرسیاری پەیوەندیی نێوان خۆی و پەکەکە رزگاری بێت. ئەگەر قۆناغی چەکداری بە تەواوی و بە ڕاستی کۆتایی پێبێت، دەم پارتی دەتوانێت ببێتە شتێکی گەورەتر: نەک تەنها ئامرازێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی یان سیاسەتی ناسنامەی کورد، بەڵکو ئەکتەرێکی دیموکراسی کە توانای ئەوەی هەبێت هاوکات لەگەڵ خواستەکانی کورد و چەقی سیاسیی بەرفراوانتری تورکیادا گفتوگۆ بکات.

ئەمەش پێویستی بە ڕوونی و شەفافیەت هەیە. دەم پارتی نابێت تەنها ئەوە بە ئەنقەرە بڵێت کە چی دەوێت، بەڵکو دەبێت بە کۆمەڵگەی تورکیش بڵێت بە تەواوی و بە ڕوونی  کە چی ناوێت.

ئایا یەکپارچەیی خاکی تورکیا بەبێ هیچ مەرج و تێبینییەک قبووڵ دەکات؟ ئایا ئایندەی خۆی لە چوارچێوەی دەوڵەتی خاوەن سەروەریی ئێستادا دەبینێتەوە؟ ئایا بە یەکجاریی و هەمیشەیی دەستبەرداری خەباتی چەکداریی دەبێت؟ ئایا داوای یەکسانی لە ڕێگەی هاووڵاتیبوونەوە دەکات، نەک سەروەریی؟

ئایا لامەرکەزییەت و بەهێزکردنی فەرمانڕەوایەتیی خۆجێیی بە مانای بەڕێوەبردنێکی باشتر دێت، یان دروستکردنی چینێکی دیکەی سەروەریی سیاسی؟

وەڵامی ڕوون بۆ ئەم پرسیارانە دەتوانێت زۆر زیاتر لە چەندین دەستپێشخەریی و هەنگاوی کرداریی ئەنقەرە، ترسی کۆمەڵگەی تورکی بڕەوێنێتەوە.

پێویستە شەقامی تورکی بە زمانێکی سادە گوێی لەوە بێت کە بەدەستهێنانی مافە رەواکانی  کورد ئەجێندایەکی دابەشکاریی خاکی لەپشتەوە نییە. هاوکات شەقامی کوردیش پێویستی بەوەیە ببینێت کە دەستبەرداربوون لە کارتی فشاری چەکداریی دەبێتە هۆی شەرعییەتی دیموکراسیی زیاتر، نەک پەراوێزخستن و بێبەشکردنی هەمیشەیی سیاسی. هەردوو لایەنەکە زۆر بنەڕەتین.

پێگەی ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتییدا

ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان شتێک نییە بتوانرێت بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت یان فەرامۆش بکرێت. بەردەوامیی هەژموون و کاریگەریی ئەو بە سەر پەکەکەوە گرنگییەکی زۆری پێدەبەخشێت بۆ زامنکردنی ئەوەی کە پرۆسەی چەکدانان، ڕاستەقینە و بێگەڕانەوە بێت. ئەگەر پرۆسەی ئاشتی قۆناغێک بچێتە پێشەوە، ڕەنگە بارودۆخی پەیوەندیکردنی  ئۆجەلان بگۆڕدرێت. بواری  دەستگەیشتن و دیدارەکانی فراوانتر بکرێت. ڕەنگە ڕۆڵی ئەو لە هاندانی پابەندبوون بە چەکدانان بەردەوام بێت. ڕەنگە لە کۆتاییدا بارودۆخی مانەوە و دەستبەسەرکردنەکەشی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت،  بەڵام نابێت تەواوی ئەم پرۆسەیە تەنها بە چارەنوسی یەک کەسەوە ببەسترێتەوە. ئامانجە ستراتیجییەکە زۆر لەوە گەورەترە: بریتییە لە گواستنەوەی سیاسەتی کوردی لە پێکهاتە و هەڕەمی چەکدارییەوە بەرەو دامەزراوەیی.

سوریا: ڕەنگە تاقیکردنەوە هەرە قورسەکە بێت

پرسی کورد لە سوریا زۆر ئاڵۆزترە، چونکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سنوورەکان، سەروەریی و ئاسایشی هەرێمیدا تێکەڵاو دەبێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا دەسەڵاتێکی سەربازیی و کارگێڕیی بەرچاویان بونیاد نا. ئەنقەرە پەیوەندییەکانی هەسەدە لەگەڵ پەکەکە وەک مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت، هاوکات دیمەشقیش خوازیاری گەڕاندنەوەی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی یەکگرتووە. کەواتە؛ پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە ئایا دەبێت کورد لە سوریا وەک پێکهاتەیەکی سیاسی بسڕدرێنەوە یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا دەکرێت ئەو ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەرییە سەربازییەی لە سەردەمی جەنگدا بەدەستهاتووە، لە قۆناغی ئاشتیدا بگۆڕدرێت بۆ گەرەنتییەکی سیاسی، کولتووریی، خۆجێیی بەردەوام؟ هەر ڕێکخستنێکی بەردەوام دەبێت سێ بنەمای سەرەکی لەخۆ بگرێت:

1. سەروەریی خاکی سوریا.

2. مافەکانی کورد.

3. سوپایەکی بەهێز.

تێکەڵبوونەوە لەناو دەوڵەتی سوریادا نابێت بە مانای سڕینەوەی ناسنامەی کولتووریی بێت؛ بەڵام گۆڕینی جلوبەرگی سەربازی لەکاتێکدا فەرماندەییەکی سەربازیی سەربەخۆ بمێنێتەوە، مانای تێکەڵبوونەوەیەکی ڕاستەقینە ناگەیەنێت.

دەرئەنجامە بەردەوام و بەجێیەکە ئەوە دەبێت کە مافی بەرچاوی کولتووریی، خۆجێیی و سیاسی بدرێتە کورد لە سوریا، لەکاتێکدا سنوورەکان، سەروەریی، دەسەڵاتی سەربازیی ستراتیجی بۆ دەوڵەتی سوریا بمێنێتەوە.

ئەم هاوکێشەیە  واتە (مافەکان بێ دابەشبوون) دەکرێت لەسەر ئاستی تەواوی ناوچەکەش بەسوود بێت.

عێراق: لە کایەی چەکدارییەوە بەرەو کایەی ئابووری

هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێستاوە مۆدێلێکی جیاواز پێشکەش دەکات. هێز و پێگەی ئایندەی هەرێم زیاتر لە پێشوو پشت نابەستێت بە ڕێکخراوە چەکدارییەکان، بەڵکو پەیوەست دەبێت بە حوکمڕانی، وەبەرهێنان، کەرتی وزە، پەروەردە، بازرگانی و کوالیتیی دامەزراوەکان. پێویستە هەولێر و سلێمانی کێبڕکێ لەسەر ئەوە بکەن کە کامەیان باشتر حوکمڕانی دەکات: کێ وەبەرهێنانی زیاتر ڕادەکێشێت؟ کێ زانکۆی باشتر و پێشکەوتووتر درووست دەکات؟ کێ هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێت؟ کێ شەفافیەتی زیاتر پێشکەش دەکات؟ کێ دامەزراوەی بەهێزتر بونیاد دەنێت؟ ئەمە گۆڕانکارییەکی قووڵ و ڕیشەیی لە سیاسەتی کوردیدا دروست دەکات.

لە پرسیارکردن دەربارەی ئەوەی (کێ بەهێزترین پاڵپشت و هاوپەیمانی دەرەکیمانە؟) بەرەو پرسیارکردن دەربارەی ئەوەی (کێ دەتوانێت باشترین کۆمەڵگە بونیاد بنێت؟)

چیرۆکی سەرکەوتنی ڕاستەقینەی کورد لە نەوەی داهاتوودا پێویست ناکات فراوانکردنی نەخشە بێت؛ بەڵکو دەکرێت لە بەهێزکردنی دامەزراوەکاندا خۆی ببینێتەوە.

مەترسییەکانی ئێران و پرۆکسییەکانی

کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) لە ژینگەیەکی جیاوازتر و مەترسیدارتردان. هەرکاتێک تاران بەرەو لاوازی بڕوات، هێزە دەرەکییەکان ڕەنگە تووشی ئەو تەماح و سەرابە ببن کە ڕێکخراوە چەکدارییەکانی کورد وەک ئامراز و کارتی فشاری بە سوود بەکاربهێنن.

زلهێزەکان تەنیا کاتێک پشتیوانی لە کەمینەکان دەکەن کە بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانیان لەگەڵیاندا یەکبگرێتەوە، کاتێک ئەو بەرژەوەندییانە دەگۆڕێن، زۆرجار پشتیوانییەکانیش دەپووکێنەوە و نامێنن. کورد بەردەوام و چەندین جار ئەزموونی ئەم کەتوارەی کردووە:

پشتیوانیی دەرەکی دەگات، چاوەڕوانی و ئومێدەکان بەرز دەبنەوە، ئەولەویەتە جیۆپۆلیتیکییەکان دەگۆڕێن، لە کۆتاییدا هەر کورد خۆی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لێکەوتە و باجەکان ببێتەوە.

واشنتۆن، مۆسکۆ، تاران، تەلئەڤیڤ، یان هەر پایتەختێکی دیکە، لە کۆتاییدا تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە دەبن. سیاسەتی کوردیش دەبێت فێری هەمان شت بێت بێ ئەوەی ببێتە بریکار (پرۆکسی)ی هیچ لایەنێکی تر.

لە چیاکانەوە بەرەو شارەکان

بۆ بەشێکی زۆری سەدەی ڕابردوو، سیاسەتی کوردی بە فەرهەنگ و زاراوەگەلێکی ناسراوەوە گرێ درابوو:

چیاکان، ڕاپەڕینەکان، بزووتنەوە چەکدارییەکان، سنوورەکان، پاڵپشت و هاوپەیمانە دەرەکییەکان، ئەمانە خۆڕاگریی و بەربەرەکانێیان دروست کرد، بەڵام هاوکات ئازار و نەهامەتییەکی بێئەندازەشیان بەرهەمهێنا.

سەردەمی داهاتوو دەکرێت جیاواز بێت؛ دەکرێت پێگەی هێزی کورد لەمەودوا لە ڕێگەی زانکۆکان، کۆمپانیاکان، سەرمایە، شارەکان، تەکنەلۆژیا، کاریگەریی کولتووریی، نوێنەرایەتیی سیاسی و تۆڕە بازرگانییەکانەوە بپێورێت.

دەکرێت دیاربەکر، هەولێر، سلێمانی و حەسەکە لە جیاتی ئەوەی سیمبولی ململانێ و جەنگ بن، ببنە چەقی بازرگانی، پەروەردە، وزە و کارسازێتی.

گرنگترین وەرچەرخان لەم نێوەندەدا، وەرچەرخانێکی چەمکی (مەفاهیمی) دەبێت: لە گۆڕینی سنوورەکانەوە بۆ کەمکردنەوەی بایەخ و گرنگیی سنوورەکان.

کورد دەتوانێت هاووڵاتیی چوار دەوڵەتی جیاواز بمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی بەهێزتری ئابووری، کولتووریی و هزری لە نێوان خۆیاندا پەرە پێبدەن:

بازرگانی سنوورەکان ببڕێت. زانکۆکان هاوکاری و هەماهەنگی بکەن. کۆمپانیا و خاوەنکاران وەبەرهێنان بکەن. خێزانەکان هاتووچۆ و گەشت بکەن. کولتوور ئاڵوگۆڕی پێبکرێت و بڵاوبێتەوە. ڕێڕەوەکانی وزە، گواستنەوە و تۆڕە دیجیتاڵییەکان، کۆمەڵگاکان پێکەوە ببەستنەوە. هیچ کام لەمانە پێویستی بە سەرلەنوێ کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە نییە.

ئەمە پێویستی بەوەیە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بایەخی نەخشە کەمتر بکرێتەوە. ڕەنگە ئەم تێڕوانینە کەمتر خەیاڵی  بێت بەراورد بە خەونی "کوردستانی گەورە"، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە زۆر زیاتر بەدەستهێنانی نزیکە لە واقیعەوە، بە دڵنیاییەوە خۆشگوزەرانییەکی زیاتریش بەدەست دەهێنێت.

دەستکەوتەکانی تورکیا

نابێت هیچ کام لەمانە وەک سازش و چاوپۆشیی تورک بۆ کورد نیشان بدرێت، چونکە تورکیا خۆی دەستکەوتی یەکجار زۆری دەبێت:

ڕێککەوتنێکی بەردەوام، باری قورسی خەرجییە سەربازی و ئاسایشییەکانی کەمدەکاتەوە.

ژینگەی وەبەرهێنان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ باشتر دەکات.

پێگەی تورکیا لە عێراق و سوریادا بەهێزتر دەکات.

ئەو دەرفەتانە لەبەردەم هێزە دەرەکییەکان کەم دەکاتەوە کە دەیانەوێت ناڕەزایەتی و برینەکانی کورد وەک کارتی فشار بەکاربهێنن. دەتوانێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئەنادۆڵ، (هەرێمی کوردستان) و سوریادا قووڵتر بکاتەوە. دەتوانێت سەرچاوە مرۆیی و دارایییە بێئەندازە گەورەکان ئازاد بکات کە دەیان ساڵە لە ململانێ و شەڕدا بەفیڕۆ دەچن.

دەتوانێت یەکێک لە درێژخایەنترین خاڵە لاوازەکانی کۆمار بگۆڕێت بۆ سەرچاوەیەکی هێزی هەرێمی.

پێکهاتەیەکی کوردی کە هەست بکات لەناو تورکیادا ڕێزی لێدەگیرێت، ژیانێکی خۆشگوزەرانی هەیە و لە ڕووی سیاسییەوە بەشدارە، مەترسییەکی ستراتیجی نییە، بەڵکو سەرمایەیەکی ستراتیجییە.

تورکەکان دەستکەوتێکی دیکەشیان دەبێت: ئەگەر پرۆسەی چارەسەری کوردی ببێتە هاندەرێک بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا، تۆکمەکردنی دامەزراوەکان، سەربەخۆیی دادوەریی زیاتر، گفتوگۆی ئازادتر و دەسەڵاتێکی لێپرسراوتر، ئەوا سوودەکانی لە دیاربەکرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ، ئیزمیر، تەرابزۆن و ئەدێرنە.

هەر لەبەر ئەمەشە کە نابێت دیموکراسییبوون هەرگیز وەک باجێک پێناسە بکرێت کە دەبێت تورکیا لە پێناو ئاشتی لەگەڵ کورددا بیبەخشێت، بەڵکو ئەوە پێداویستییەکی مسۆگەری خودی تورکیایە بۆ خۆی.

دەستکەوتەکانی کورد

کوردیش لە بەرامبەردا دەتوانێت دەستکەوتگەلێک بەدەستبهێنێت کە زۆر بەردەوامتر بن لە سەرکەوتنی سیمبولی یان تەنیا وەک خەونێک تەماشا بکرێت:

متمانەی زیاتر بە ناسنامەی خۆی.

کایەیەکی فراوانتری سیاسی.

ئازادییەکی قووڵتری کولتووریی.

دەنگێکی خۆجێیی بەهێزتر.

دەرفەتی گەورەتری ئابووری.

تێکەڵاوبوون و پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ کۆمەڵگە کوردییەکانی دەوروبەر لە ڕێگەی بازرگانی و کولتوورەوە، نەک لە ڕێگەی تۆڕە چەکدارییەکانەوە.

لە هەمووشیان گرنگتر: دەرفەتی بەدواداچوون بۆ خواستە بەکۆمەڵەکانی بێ ئەوەی پێویست بکات نەوەیەکی دیکە بکرێتە قوربانیی ململانێی چەکداریی.

کەواتە هەڵبژاردنە بنەڕەتییەکە لە نێوان "ناسنامەی کورد" و "سەروەریی تورک"دا نییە، بەڵکو لە نێوان دوو مۆدێلی هێزدایە:

مۆدێلی یەکەم: ناوچەیی، چەکداریی و یاریی سفر (Zero-Sum).

مۆدێلی دووەم: سیاسی، ئابووری، کولتووریی، دیموکراسی و پێکبەستراوە بە تۆڕی پەیوەندییەکانەوە.

بە دڵنیاییەوە مۆدێلی دووەم دەستکەوتی زۆر زیاتر و گەورەتر پێشکەش دەکات.

پەیمانێکی نوێ 

مەبەست و ئامانجی کۆتایی دەبێت پەیمانێکی نوێی سیاسی بێت کە لەسەر چەند بنەمایەکی ڕوون دامەزرابێت: سنوورەکانی تورکیا جێگەی گفتوگۆ و سازش نین؛ سەروەری و سیستمی دەستووریی وڵات بە پارێزراوی دەمێننەوە. سیاسەتی چەکداریی بە تەواوی و بۆ هەمیشە کۆتایی دێت. دان بە ناسنامەی کورددا دەنرێت وەک بەشێکی شەرعی و ئازادییە کولتوورییەکان قووڵتر دەکرێنەوە. فەرمانڕەوایەتیی خۆجێیی کاراتر دەکرێت بێ ئەوەی بگۆڕدرێت بۆ سەروەرییەکی گشتگیر. هاووڵاتیبوون بە شێوەیەکی ڕاستەقینە یەکسان دەبێت کێبڕکێی سیاسی جێگەی کێبڕکێی چەکداریی دەگرێتەوە. یەکگرتنی ئابووری دەبێتە جێگرەوەی ململانێ لەسەر خاک.

پرۆسەی دیموکراسیبوون تەنها بۆ یەک پێکهاتەی نەتەوەیی نابێت، بەڵکو بۆ سەرانسەری وڵات جێبەجێ دەکرێت.

ڕێک لەم خاڵەدا، خواستەکانی کورد و بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەتوانن بگەنە یەکگرتنەوە و هەماهەنگی. نەک لە ڕێگەی نکۆڵیکردنی جیاوازییەکانەوە؛ نەک بە سەرلەنوێ کێشانەوەی سنوورەکان؛ نەک لە ڕێگەی دروستکردنی براوە و دۆڕاوەوە، بەڵکو لە ڕێگەی بونیاتنانی دەوڵەتێکەوە کە هێندە متمانەی بە خۆی هەبێت فرەیی لەخۆ بگرێت، سیاسەتێکی کوردی کە هێندە متمانەی بە خۆی هەبێت دەستبەرداری لۆجیکی چەکداریی و دەستکاریکردنی سنوورەکان بێت.

سێ وەرچەرخانە سەرەکییەکە

لە ڕوانگەی ئەم تێڕوانینەوە، پرۆسەکە لە بنەڕەتدا لە سێ گواستنەوە و وەرچەرخاندا دەخولێتەوە:

بۆ پەکەکە و بزووتنەوە چەکدارییەکانی کورد: لە چەکەوە بەرەو سیاسەت.

بۆ کۆمەڵگەی کوردی: لە ململانێی ناوچەیی و خاکەوە بەرەو هێزی ئابووری، دامەزراوەیی و دیموکراسی.

بۆ کۆی دەوڵەتی تورکیا: لە بەڕێوەبردنی فرەیی لە ڕوانگەیەکی ئەمنییەوە بۆ بەڕێوەبردنی لە ڕێگەی متمانەی دیموکراسی و سەروەریی یاساوە.

هیچ کام لەم وەرچەرخانانە ئاسان نابن، بەڵام هەر یەکێکیان ئەوانی تر بەهێزتر دەکات: تورکیایەکی دیموکراسیتر، جوداخوازیی کورد بێبایەختر دەکات.

بزووتنەوەیەکی کوردی کە بە شێوەیەکی ڕوون و بێ دوودڵی پابەندی سیاسەتی ئاشتییانە بێت، دیموکراسیبوونی تورکیا کەمتر مەترسیدار نیشان دەدات. خۆشگوزەرانیی زیاتریش بەدیهێنانی هەردووکیان ئاسانتر دەکات. ئەمە ئەو خاڵە هاوبەشەیە کە دەبێت پێناسەی تەواوی پرۆسەکە بکات.

هەڵبژاردنە گەورەکە

یاسای پرۆسەی ئاشتی تەنها هەنگاوی یەکەمە. هیچ کەس ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بڵێت ئەم پرۆسەیە لە کوێدا کۆتایی پێدێت، چوار دەیە لە بێمتمانەیی تەنیا بە دەرکردنی یاسایەک ناسڕدرێتەوە. بەربەست و نسکۆ دەبن، بێزارکردن و ووروژاندن و هاندان دەبێت، ساتگەلێک دێنە پێشەوە کە تێیاندا هەردوو لایەنی تورک و کورد تووشی ئەو خەیاڵ و سەرابە ببن کە بگەڕێنەوە بۆ دڵنیاییە باوەکانی ناسیۆنالیزم، بەرقەرار بوونی ئاسایش، گوتاری قوربانیدان. بەڵام هەڵبژاردنە ستراتیجییەکە بەرەو ئاشکرا بوون دەچێت:

کورد دەتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕکردن لە پێناو ململانێکانی سەدەی ڕابردوو بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەدەی ڕابردوو، یان دەتوانێت پێ بنێتە ناو سەردەمی نوێ بە شارگەلێکی بەهێزتر، کۆمپانیاکان، زانکۆکان، دامەزراوەکان و شەرعییەتی دیموکراسی.

تورکیاش ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی هاوشێوە و چارەنووسساز دەبێتەوە: دەتوانێت بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناسنامەی کورددا وەک پرسێکی ئاسایشی، یان دەتوانێت سیستمێکی سیاسی دابمەزرێنێت کە تێیدا متمانە بەخۆبوونی زیاتری کورد ببێتە هۆی بەستنەوە و دڵسۆزیی زیاتر، نەک لاوازتر بۆ دەوڵەت.

هاوکات، هەردوو لایەنی تورک و کورد پێکەوە ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی سێیەم دەبنەوە:

ئایا کەموکوڕییە دیموکراسییەکان وەک خەسڵەتێکی حەتمی و نەگۆڕی ژیانی سیاسی قبووڵ بکەن، یان دان بەوەدا بنێن کە سەروەریی بەهێزتری یاسا، دامەزراوەی باشتر و ئازادیی زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولایان دەکات.

ئەم سێ ئامانجە، دژبەیەکیان تێدا نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا دەکرێت تەواوکەری یەکتر بن:

کورد پێویستی بە تورکیایەکی لاواز نییە بۆ ئەوەی خۆی بەهێز بێت. تورکیاش پێویستی بە ناسنامەیەکی لاوازی کوردی نییە بۆ ئەوەی بە خاوەنی سەروەریی بمێنێتەوە. تورکەکانیش پێویستیان بە دیموکراسییەکی کەمتر نییە بۆ ئەوەی یەکپارچەیی وڵاتەکەیان بپارێزن، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە دەوڵەتێکی خاوەن متمانە نابێت لە فرەییی کولتووریی بترسێت. سیاسەتێکی شەرعیی کوردی پێویستی بە چەک نابێت. کۆمارێکی بەهێزیش نابێت لە دیموکراسی بترسێت.

ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنە بچەسپێت، ئەنجامەکەی دەکرێت زۆر کاریگەرتر و گەورەتر بێت لە تەنیا کۆتاییهاتنی یاخیبوونێکی چەکداریی، دەتوانێت ململانێیەکی سەد ساڵەی سەر زەوی و ناسنامە بگۆڕێت بۆ پەیمانێکی سیاسیی سەدەی بیستویەک کە لەسەر بنەماکانی هاووڵاتیبوون، خۆشگوزەرانی، شەرعییەتی دیموکراسی و هەستی پێکەوەبوون دامەزرابێت.

کەواتە، دەرفەتە مێژووییەکە لە سەرلەنوێ کێشانەوەی سنوورەکانی تورکیادا نییە، بەڵکو لەوەدایە ئەو سنوورانە لە ڕووی سیاسییەوە کەمتر جێگەی کێشمەکێش بن، لە هەمان کاتدا دەوڵەتی ناو ئەو سنوورانە شەرعیتر، خۆشگوزەرانتر و دیموکراسیتر بێت بۆ هەمووان. ئەمە چارەسەرێک نییە بۆ کورد لەناو تورکیایەکی نەگۆڕدا، بەڵکو بنیاتنانی تورکیایەکی باشترە کە تێیدا کورد و تورک بە هەمان ئەندازە هۆکاری زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی هەست بکەن ئەم کۆمارە بە یەکسانی موڵکی هەردووکیانە.

* محەمەد ئۆگۆتچو (Mehmet Öğütçü)  ڕاوێژکاری تۆرگوت ئۆزال سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیابووە، یەکێکە لە شارەزا ناسراوە نێودەوڵەتییەکان لە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنان، دارایی و جیۆپۆلەتیک، کە زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی پیشەیی هەیە. لە بواری بازرگانی، وزە، دیپلۆماسیی ئابووری و وزە، وەبەرهێنان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کاریکردووە و شارەزایی تایبەتی لە ناوچەکانی ئەوروپا، ئاسیای ناوەڕاست، ڕوسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چین هەیە.