شیکارییەک بۆ لێكه‌وته‌ و كاريگه‌رييه‌كانى هاتنی هاوڵاتیيانی عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان

21 تەممووز 2026

لەکاتێکدا دەنگۆی مەترسییەکانی هاتنی هاوڵاتيیانی عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی "هەڕەشە بۆسەر دیمۆگرافیا و كولتوور" یان "هەڵمەتی تەعریبى نوێ" وێنا دەکرێت، پێویستە بە دیدێکی زانستی و واقیعیانە لەم دیاردەیە بڕوانین. ئەم گوتارە، کە زۆرجار لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا گەشە دەکات، تەنها کاردانەوەیەکی سۆزداری نییە؛ بەڵکو گوزارشتێکە لە برینە ساڕێژنەبووەکانی رابردوو کە هێشتا لە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستاندا رەنگدانەوەی هەیە، یان ترسە لە پاشەکشەی بیری نەتەوەیی بەرامبەر بە گوتارە ئایدۆلۆجییەکان. 

سەرەڕای ئەمە، هەندێکجار ئەم گوتارە لە مۆدێلی "راستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا" دەچێت، کە کۆچبەر دەکەنە قوربانی و سوتەمەنییەک بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییە بنەڕەتییەکانی حوکمڕانیی خۆیان. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، لەڕووی ستراتیجی و ئابوورییەوە، گەر بە ئاگایی یان بێئاگایی بێت، رەنگە بچێتە خانەی "گوتاری رق" و دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمى كوردستانه‌.  

ئەم شیکارییە هەوڵدەدات بە دیدێکی بابەتییانە، رەهەندە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دیاردەیە لەتەک یەکتردا شیبکاتەوە. ئامانج لێرەدا جەختکردنەوەیە لە سەر گرنگیی پێکەوەژیان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بە دیدێکی کراوە، نەک داخراو. هەروەها، لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی وڵاتانی تر و جیاکردنەوەی دڵەڕاوکێی رەوای دیمۆگرافی لە بانگەشە سیاسییەکان، هەوڵدەدەین نەخشەڕێگەیەک بۆ پاراستنی کیانی سیاسیی هەرێمى كوردستان لە تێڕوانینێکی زانستییەوە دابڕێژین.