31 ئاب 2026
توێژەر : د. دیدار عبدالکریم
دارستانەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بەشێک نین لە دیمەنی سروشتیی هەرێم، بەڵکو سامانێکی ستراتیژیین کە مانەوەی ئاو و خاک، هاوسەنگیی ژینگە، فرەچەشنیی زیندەیی، کشتوکاڵ و گەشتیاری بە بوونیانەوە گرێ دراون. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سامانە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەژێر گوشارێکی بەردەوامدا بووە. سەرچاوە و هەڵسەنگاندنە جیاوازەکان پاشەکشەی بەرچاوی ڕووبەری دارستانەکان نیشان دەدەن و هەندێکیان ئەم پاشەکشەیەیان بە نزیکەی ٥٠٪ خەمڵاندووە. ئەم دۆخە، لە تەنیشت زیادبوونی ئاگرکەوتنەوە، بڕینەوەی نایاسایی، وشکەساڵی و گوشارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرسی دارستان لە کێشەیەکی ژینگەیی سنووردار تێپەڕیوە و بووەتە پرسێکی پەیوەست بە ئاسایشی سەرچاوە سروشتییەکان و بەرژەوەندیی درێژخایەنی هەرێم.
داتاکانی ئاگرکەوتنەوە قەبارەی ئەم گوشارە بە ڕوونی پیشان دەدەن. شیکاریی داتای مۆدیس (MODIS) بۆ ماوەی ٢٠٠١–٢٠٢٤، تێکڕای ساڵانەی ٦٨٧ کیلۆمەتر دووجا ڕووبەری سووتاو لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات؛ کۆی ڕووبەری تۆمارکراوی سووتاو لە ماوەی ٢٤ ساڵدا گەیشتووەتە ١٦,٤٨٦ کیلۆمەتر دووجا، کە ٨,٥٤٢ کیلۆمەتر دووجای پەیوەست بووە بە دارستانەکانەوە. ئەم ژمارەیە کۆی ڕووداوەکانی سووتان لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا پیشان دەدات، نەک ڕووبەری دارستانی جیاواز کە بە یەکجاری لەناوچووە؛ چونکە هەمان ناوچە دەکرێت لە ساڵانی جیاوازدا دووبارە تووشی ئاگر ببێتەوە.
بەڵام ئاگر تەنیا بەشێکە لە کێشەکە. بڕینەوەی نایاسایی دار، بەرهەمهێنان و بازرگانیی خەڵووز، دەستکاریی بەکارهێنانی زەوی و گوشارە مرۆییەکان، لەگەڵ وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هەڕەشەکانی بەردەم دارستانەکان قووڵتر دەکەنەوە. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ٦٣ هەزار درەخت بە نایاسایی بڕاونەتەوە. لە هەمان کاتدا، شیکارییەکانی ئەم «پۆڵسی پەیپەر»ە پەیوەندیی نێوان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وشکەساڵی و زیادبوونی ڕووبەری سووتاو دەخەنە ڕوو. کۆبوونەوەی ئەم هۆکارانە واتای ئەوەیە کە ئەگەر شێوازی بەڕێوەبردن نەگۆڕدرێت، پاراستنی دارستان لە ساڵانی داهاتوودا ئەرکێکی قورستر و تێچووبەرزتر دەبێت.
بڵاوکردنەوە