16 تەممووز 2026
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بهمهبهستى چارەسەری کرداری بۆ کێشەی بێکاری و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان کارخوازان و بازاڕی کار، گفتوگۆیەکی کراوەی لەبارەی رێکخستنەوە و پەرەپێدانی سەنتەرەکانی رەخساندنی هەلی کار بەڕێوەبرد.
لە گفتوگۆکەدا ژمارەیەک پسپۆڕ، خاوەنکار، ئەکادیمیست و شارەزای بواری ئابوری و بازاڕی کار بەشداربوون و لەبارەی رۆڵ، ئەرک، میکانیزمی کار و توانای ئەم سەنتەرانە لە رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و گونجاندنی تواناکانی کارخوازان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار گفتوگۆیان کرد.
د. هۆگر رەسوڵ، راوێژکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سیمینارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ئەزموون و میکانیزمەکانی رێکخستنی سەنتەرەکانی هەلی کار لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا و ئەمریکای خستەڕوو و جەختی کردەوە کە کەرتی تایبەت بزوێنەری سەرەکیی ئابوری وڵاتە و پێویستە بە شێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی رێکبخرێتەوە.
ئاماژەی بەوە كرد کە دەوڵەت پێویستە خاوەنی سیستم و ناوەندی کارای بەکارخستن بێت، تا بتوانێت زانیارییەکانی بازاڕی کار کۆبکاتەوە، پێداویستییەکانی دامەزراوەکان دیاری بکات و کارخوازان بە هەلی کاری گونجاو بگەیەنێت.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هێمن نوری، سەرۆکی جۆب سەنتەر، سیمینارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەو بەربەستانەی لەبەردەم بەکارخستن و رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا هەن.
هێمن نوری ئاماژەی بەوە دا کە ئاڵۆزكردى ياساكان له كهرتى تايبهت، توانای کەرتهكهى بۆ دروستکردنی هەلی کاری نوێ سنووردار کردووە و پرۆسەی بەکارخستن بۆ کارخوازان قورستر کردووە.
هەروەها باسی لە دیاردەی کارکردنی هەندێک هاوڵاتی لە کەرتی گشتی و تایبەت لە یەک کاتدا کرد و رایگەیاند کە رێکخستنەوەی ئەم بابەتە دەتوانێت هەلی کاری زیاتر بۆ بێکاران بڕەخسێنێت و رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، بەشداربووان بە پێشکەشکردنی سەرنج و پێشنیازەکانیان، کێشە و بەربەستەکانی بەردەم سەنتەرەکانی هەلی کاریان تاوتوێ کرد و ژمارەیەک رێکاری کردارییان بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ئەم سەنتەرانە و باشترکردنی میکانیزمی بەکارخستن خستەڕوو.















بڵاوکردنەوە