13 تەممووز 2026
کێبڕکێ بۆ بەکارهێنانی رێگەی مۆدێرن و تەکنەلۆجیای سەردهم و شێوازی داهێنەرانە بۆ چاودێری، وردبینی و کۆنترۆڵکردن لە دامەزراوەکاندا هانگاوێکە بۆ زیاتر راستی و دروستی لە داتاکان و بەدیهێنانی شەفافیەت.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، توێژینەوەیەکی لەبارەی بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنی لە دامەزراوەکاندا ئەنجامداوە و ژمارەیەک بانکەکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانی بە نمونە وەرگرتووە.
توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن بەناونیشانی "کاریگەریی بەکارهێنانی سیستمە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر کارایی سیستمەکانی چاودێریی ناوخۆیی" کە "توێژینەوەیەکی دۆزەرەوەیە لە نمونەیەک لە بانکە حکومییەکانی کارا لە پارێزگای سلێمانی، هەرێمی کوردستان" و لەلایەن هەردوو توێژەر (دکتۆر. نەبەرد کەریم ڕەحیم و مامۆستا. شارۆ نەورۆز فازل) ئەنجامدراوە.
ئەم توێژینەوەیە لەلایەن گۆڤاری زانستیی زانکۆی راپەڕین بۆ زانستە مرۆییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بنەمای شیکاریی کردووە بۆ 20 بانکی حکومی لە شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کە سیستمی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن.
توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن دەریخستووە بەکارهێنانی سیستمە ئەلیکترۆنییەکان پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ کارایی چاودێریی ناوخۆیی هەیە و دەتوانێت وردیی داتا، خێرایی وردبینی و شەفافیەت لە دامەزراوەکاندا بەرزبکاتەوە.
لە کاتێکدا بانکداریی جیهان، بە خێرایی بەرەو خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی، چاودێریی راستەوخۆ و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەچێت، هێشتا ژمارەیەک لە بانکە حکومییەکانی پارێزگای سلێمانی پشت بە سیستمی جیاواز و هەندێک لە رێوشوێنە دەستییەکان دەبەستن. ئەم جیاوازییە، لە بواری ژمێریاری و وردبینیی ناوخۆییدا، خێرایی کار، وردیی زانیاری و توانای دۆزینەوەی هەڵە و گۆڕانکاریی لە داتاکاندا بە روونی دەردەکەوێت.
سیستمی جیاواز و نەبوونی ستانداردێکی یەکگرتوو لە بانکەکاندا
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بانکە حکومییەکانی پارێزگای سلێمانی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و بەرنامەی ژمێریاریدا لەسەر یەک سیستەمی ستاندارد کار ناکەن، ئەمە وای کردووە لە بانکەکاندا بەشەکانی وردبینی بۆ پشکنینی تۆمار، بەڵگەنامە، مامەڵەی دارایی و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان پێویستییان بە کات و هەوڵی زیاتر هەبێت.
هەروەها، بەشێک لە پرۆسەکان بەهۆی ڕوتینی دەستی و ئاڵۆزیی بەڵگەنامەکانەوە بە هێواشی بەڕێوەدەچن. توێژەران ئەمە بە یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی گواستنەوە لە سیستمی کۆن بۆ سیستمی زیرەک و پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی دادەنێن؛ بە تایبەت لە کاتێکدا تەکنەلۆژیای دارایی لە ئاستی جیهاندا بەرەو چاودێریی ئۆتۆماتیکی و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەچێت.
توێژینەوەکە لە ساڵی 2025 لە 20 بانکی حکومی لە شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدراوە. بۆ هەر بانکێک پێنج فۆڕمی راپرسی لەنێوان فەرمانبەر و بەڕێوەبەرانی بەشە دارایی و ژمێریارییەکان دابەشکردووە .
لەرووی پیشەییەوە ئەوانەی فۆڕمەکانیان بەسەردا دابەشکراوە،%36.67 ژمێریار، %23.33 سەرۆکی بەش و%10چاودێری دارایی بوون؛%30ی دیکەش لە پۆستە جیاوازەکانی بانکەکان کاریان کردووە.
نزیکەی سێ لە چوار بەشداربوو، پشتگیریی سیستەمی ئەلیکترۆنی دەکەن
ئەو دەرئەنجامانەی توێژینەوەکە پێیگەیشتووە دەریدەخات کە بەشداربووان لەبانکەکاندا، بە ئاستێکی بەرز لەگەڵ ئەوەدان لە سیستمی ئەلیکترۆنی ڕۆڵێکی کاریگەر و ئەرێنی هەیە.
رێژەی %73.54ی بەشداربووانی توێژینەوەکە کە لە بەشە دارایی و ژمێریارییەکاندا کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەدان کە سیستمی ئەلیکترۆنی لە بانکەکاندا بەکاربهێنرێت، لەبەرامبەردا تەنیا %15.83ی بەشداربووەکان دژی ئەو سیستمە بوون و رێژەی %10.63 بۆچوونیان لەگەڵ سیستمی کۆن و نوێدا وەک یەکە.
ئەمە بە مانای ئەوەیە کە زۆربەی ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ لە بەشە دارایی و ژمێریارییەکان کار دەکەن، سیستەمی ئەلیکترۆنی بە ئامرازێکی گرنگ بۆ باشترکردنی کارەکانیان دەزانن.
لە بەشی چاودێریی ناوخۆییشدا %66.06 پێیانوایە بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنی کارەکانیان ئاسان و خێراتر و وردتر دەکات، رێژەی %33.99 دژی بەکارهێنانی سیستمەکەن. کە دەرخەری ئەوەیە زۆرینەی ئەوانەی لەبەشەکانی چاودێریی بانکەکاندا کاردەکەن سیستمی ئەلیکترۆنی بە باش دەزانن.
گرنگترین دەرئەنجامی توێژینەوەکە پەیوەندیی نێوان بەکارهێنانی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان و کارایی چاودێریی ناوخۆیی دەردەخات، بەمانایەکی سادەتر پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوان دیجیتاڵیبوون و چاودێریدا هەیە لە بانکەکاندا.
ئەم ئەنجامە بەو مانایە نییە کە هەموو لاوازی یان بەهێزییەکانی چاودێریی بانکی تەنها بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دیاری دەکرێن. بەڵکو نزیکەی %19.6ی گۆڕانکارییەکان دەکرێت پەیوەندییان بە هۆکارەکانی دیکەوە هەبێت؛ وەک توانای فەرمانبەران، جیاکردنەوەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی، سیاسەتی بەڕێوەبردن، ژینگەی چاودێری، ئاستی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان.
سیستەمی ئەلیکترۆنی لە ناو بانکدا چی دەگۆڕێت؟
بەپێی توێژینەوەکە، گرنگیی سیستەمی ئەلیکترۆنی تەنیا لە گواستنەوەی مامەڵە لە کاغەز بۆ کۆمپیوتەر کورت نابێتەوە، ئەم سیستەمانە دەتوانن چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دروست بکەن. لەوانەش وردی و دروستی لە داتاکاندا بەرزدەکەنەوە، چونکە بەشێکی زۆر لە ژماردن، پۆلێنکردن و کۆکردنەوەی زانیاری بە شێوەی ئۆتۆماتیکی ئەنجام دەدرێت.
هەروەها سیستمی ئەلیکترۆنی دەتوانێت کاتی پێویست بۆ پشکنینی بەڵگەنامە و تۆمارە دارایییەکان کەمبکاتەوە، لایەنێکی باشی دیکەی سیستمی ئەلیکتۆنی ئەوەیە کە دەتوانرێت بزانرێت، کێ، لە چ کاتێکدا و چ گۆڕانکارییەکی لە تۆمارەکەدا ئەنجامداوە.
ئەمەش توانای دۆزینەوەی هەڵە، پێشێلکاری، دەستکاری و گومان بە ساختەکاری زیاد دەکات. هەروەها، بەڕێوەبەرایەتی بانکەکان دەتوانن ئاگاداری مامەڵە نائاساییەکان بن، لەبری ئەوەی چاوەڕێی کۆتایی مانگ یان کۆتایی ساڵبێت بۆ وردبینی و پشکنینی دەستی.
هەر بەپێی توێژینەوەکە، سیستەمی ئەلیکترۆنی دەتوانێت پەیوەندی لەنێوان مووچە، خەزێنە، قەرز، مامەڵە، ژمێریاری و وردبینی دروستبکات. بەو شێوەیە، هەمان داتا لە چەند شوێنێک بە جیاوازی تۆمار ناکرێت و مەترسیی دووبارەبوونەوە و دژیەکی لە ژمارەکان و هەڵەی دەستی کەمتر دەبێتەوە.
بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنی و ستانداردێکی یەکگرتوو لە بانکەکاندا
توێژینەوەکە بۆ گەیشتن بە چاودێرییەکی ورد و کارکردنی شەفافانە لە بانکەکاندا، پێشنیاز دەکات بەکارهێنانی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان تەنیا لە بەشێکی دیاریکراو یان ژمارەیەکی کەم لە بانکەکان سنووردار نەکرێت، بەڵکو لە هەموو بەشەکان، بە تایبەتی ژمێریاری، دارایی و وردبینیدا پەیڕەوبکرێت.
توێژینەوەکە جەختدەکاتەوە کە فەرمانبەران دەبێت بەردەوام راهێنان و پەرەپێدانی پیشەیی بکەن تاوەکو بتوانن بەتەواوی سوود لە تواناکانی سیستمی ئەلیکترۆنی وەربگرن.
هەروەها، پێشنیازکراوە سیستەمەکان بە ئامێرەکانی وردبینی و چاودێریی بانکەکانەوە راستەوخۆ پەیوەست بکرێن، تا هەڵە و مامەڵەی نائاسایی و ئەگەری کاری نایاسایی بە خێرایی و وردی دەستنیشان بکرێت.
پەرەپێدانی ئەو سیستمانەی پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستن بۆ داهاتوو بەمەبەستی چاودێری ورد و داتا و زانیاریی ورد، هەروەها دامەزراندنی ستانداردێکی یەکگرتوو، تاوەکو بانکەکان بە سیستمی لێکجیاواز کارنەکەن.
توێژینەوەکە جەختدەکاتەوە کە چاودێریی ناوخۆیی لە سیستمی نوێی بانکەکاندا، ناتوانێت تەنیا پشت بە فۆڕم، تۆماری کاغەزی و پشکنینی دوای رووداوەکان و هەڵەکان ببەستێت. سیستەمی ئەلیکترۆنی، کاتێک بە شێوەی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێت و فەرمانبەری ڕاهێنراو و ستانداردی پاراستنی داتای لەگەڵدا بێت، دەتوانێت چاودێریکردن لە بانکەکاندا لە پرۆسەیەکی هێواش و درەنگوەختەوە بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی خێرا و پشتبەستوو بە داتا.
بۆ بانکە حکومییەکانی سلێمانی و گەرمیان، بەکارهێنانی ئەم سیستمانە تەنیا گۆڕینی بەرنامەی کۆمپیوتەر نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردن، بەرپرسیارێتی، شەفافیەت و پاراستنی سامان و موڵکی گشتییە.





بڵاوکردنەوە