ڕیفۆرم و نەخشەڕێگای ستراتیجی بۆ تەندروستی سلێمانی

19 تەممووز 2025

کورتەیەک لەسەر کەرتی تەندروستی

ڕیفۆرم و نەخشەڕێگای ستراتیجی بۆ تەندروستی سلێمانی

دامەزراوەی ڤیژن لە خوولی دووەمی چاوی کراوە میوانداری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی کرد

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پڕۆژەی "چاوی کراوە"، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ڕێکەوتی ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٥، دانیشتنێکی تایبەتی بۆ بەڕێز د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕێکخست. ئەم دیدارە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کاربەدەستان و ئەکادیمیستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا تیشک خرایە سەر پرۆسەی ڕیفۆرم و داهاتووی کەرتی تەندروستی. لەم دانیشتنەدا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەزموونی ئێستای سیستەمی تەندروستی لە سلێمانی، باشترین بنەمایە بۆ سوودوەرگرتن و خۆئامادەکردن بۆ داهاتوو. 

ستراتیجی چاکسازی و نەخشەڕێگای تەندروستی:

1.      داتا و توێژینەوەی زانستی: بەکارهێنانی توێژینەوە ڕەسەنەکان وەک بنەمایەک بۆ دروستکردنی "ویستی سیاسی" و کۆدەنگی لای بڕیاردەران بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی.

2.      هەمەجۆرکردنی سەرچاوە داراییەکان: فرەسەرچاوەکردنی کەرتی تەندروستی لە ڕێگەی یاساوە، کە وەک ڕێگەچارەیەکی هەنووکەیی دەبینرێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی و زامنکردنی گەشەپێدانی بەردەوام.

3.      گەشتیاری تەندروستی: کارکردن بۆ تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ئامانجی هاندانی گەشتیاری تەندروستی، کە دەبێتە سەرچاوەیەکی تری داهات بۆ پارێزگاکە.

4.      پەرەپێدانی توانای مرۆیی: دابینکردنی توانای مرۆیی پێوانەیی و کردنەوەی کۆرسی پسپۆڕی تایبەت بۆ بڕیاربەدەستان، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنیان بە لێهاتوویی پێویست لە بەڕێوەبردنی کەرتەکەدا.

5.      ڕیفۆرمی یاسایی و پشکنینی پێشوەخت: نوێکردنەوەی یاساکانی تەندروستی گشتی و کاراکردنی پڕۆگرامی "پشکنینی پێشوەخت" بۆ دۆزینەوەی پێشوەختی گرفتە تەندروستییەکان.

6.      ژێرخان و بەردەوامی: دابینکردنی پێداویستییە هەنووکەییەکان، تەواوکردنی پڕۆژە نیوەچڵەکان و بنیادنانی دامەزراوەی نوێ بۆ زامنکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ داهاتوو.

7.      بەرپرسیارێتی گشتی: چەمکی تەندروستی تەنها ئەرکی کەرتێک نییە، بەڵکو پێویستە گشت بەشەکانی کۆمەڵگا هاوکاربن لە زامنکردنی تەندروستی کۆمەڵایەتیدا.

 

بۆ زانیاریی زیاتر، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەوە تەماشای تەواوی ئیڤێنتەکە بکەن:

https://youtu.be/K2PVZEtSCQM?si=xb12PY69sQ5yu8ij